ناوهڕۆك
سووپای قوڕ
سووپای قوڕ یەكێكە لە شوێنەوارە مێژووییەكانی چین و جیهان كە بریتییە لە سووپایەك كە لە قوڕ دروستكراون و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پادشا چین شی هوانگ بونیاندەری خێزانی چین لە 220 ساڵ پێش زایین، پەیكەری سوپاكە لە شاری شیان ـی پایتەختی ئەوكاتی وڵات دروستكراون و نێژراون.
ئامانج لە دروستكردنی سوپاكە
ئەم پەیكەرانە بەتەواوی لە شێوەی مرۆڤدان و هەموویان چەكدارن و وەك (پاسەوانانی گۆڕی پادشایی شارستانییەتی چین) جێگیركراون، ئەوان وەك سەربازی پارێزەری پادشا چین شی هوانگ دانراون و لەگەڵ مردنی پادشا لەگەڵیدا نێژراون و چونكە پێیانوابووە دەڕواتە جیهانێكی دیكەوە و پێویستی بە پاراستن دەبێت لە دەستی دوژمن.
لە ساڵی 1974ـی زایینی چەند جووتیارێكی چینی لە پارێزگای شانشی بە شێوەیەكی ڕێكەوت گۆڕی چین شی هوانگ و سەربازە قوڕینەكانیان دۆزییەوە و سووپاكە لە 7000 سەرباز و 130 گالیسكە و 520 ئەسپی قوڕین پێكهاتووە، بۆ ئەوەی لەناونەچن و بە شێوازێكی هێواش و بەردەوام كاریان لەسەر كراوە و توانراوە تا ئێستا زیاتر لە 2000 دانەیان دەربهێنرێن بەبێ تێكچوون.